ڕۆژی چوارشەممە 7ـی10ـی2015 لە شاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پیتێر سیارتۆ وەزیری دەرەوە و بازرگانیی هەنگاریا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە تیبۆر زاتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق و كسابا وێزكینی كونسوڵی هەنگاریا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە دیدارەكە وەزیری دەرەوەی هەنگاریا سڵاوی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینیشی هەبوو بۆ هەرێمی كوردستان كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری وەخۆ گرتووە كە بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان و پێویستەیەكێتیی ئەوڕووپا یارمەتییەكانی خۆی بۆ پەنابەر و ئاوارەكانی ناو هەرێمی كوردستانیش تەرخان بكات. هەروەها وێڕای ئاماژەپێدن بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی هاتنی شەپۆڵی ئاوارە و پەنابەر بۆ ئەورووپا، جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتانی ئەورووپایی ڕووبەڕووی تەحەدییەكی زۆر گەورە هاتوون و هێشتایش بە تەواوەتی وەڵامێكی دروستیان بۆ قەیرانی ئاوارە و پەنابەران نەدۆزیوەتەوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە چارەسەری ڕیشەیی ئەم پرسە لەنێو خاكی ئەورووپادا نییە.
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا سەرۆك بارزانیی لە وردەكاریی پلان و پێشنیارەكانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە كە بەنیازە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان پێشكەش بە یەكێتیی ئەورووپای بكات و لەم ڕووەوە داوای كرد سەرۆك بارزانی تێبینییەكانی خۆی لەسەر چۆنییەتی چارەكردنی پرسی ئاوارەكان و قەیرانەكانی ناوچەكە بخاتەڕوو. هەروەها لەناوبردنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یارمەتیدەری چارەسەركردنی قەیرانی ئاوارەكان لەقەڵەم دا و بۆ ئەم مەبەستەیش هاوكاریی هەموو لایەكی بە پێویست زانی. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی هەنگارییا پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و ئەوەیشی باس كرد كە هەنگاریا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی هەنگاریای كرد لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان. پەیوەست بە كێشەی پەنابەر و ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە چارەسەری ئەم كێشەیە لەدەرەوەی خاكی ئەورووپایە و قەیرانی ئابووری و هەڕەشەی تیرۆریستان دوو هۆكاری سەرەكیی ئاوارەبوونی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسەیش پێویستە كار بۆ نەهێشتنی هۆكارەكان بكرێت نەك تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكاندا بكرێت. لەبارەی شەڕی تیرۆریش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند لەڕووی عەمەلییەوە باری قورسی شەڕی تیرۆر لەسەر شانی پێشمەرگەیە و هێشتا جیهان وەك پێویست بەڕووی ئەو دیاردە ترسناكەدا نەوەستاوەتەوە و ناشكرێ تیرۆر وەك كارتێكی گوشار لە لایەن دەوڵەتانەوە بەكار بهێنرێت.
سەرۆك بارزانی باسیشی لە دوا پەرەسەندنەكان و گورزە ئاسمانییەكانی ڕووسیا كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەگەر هەماهەنگی و ڕێككەوتن لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆر و ڕووسیا نەبێت ئەوە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێ و سەقامگیریی لە ناوچەكە ناهێتە دی.
باسكردنی بارودۆخی سووریا و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هەنگاریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.